وتەکان | وتەی دەھەم | 91
(84-154)

دیارە "دانایی" و ژیریی حوکوومەت لەوەدایە کە چاوپۆشی و نەرم‏ونیانی و ڕێزی زۆر لەگەڵ ئەو کەسانەدا بنوێنێت کە ھانای بۆ دەبەن‏‏ و.. ئنجا "دادگەری"یە خاوێن و بێ‌گەردەکەشی داخوازی پاراستن و چاودێری‏کردنی گشت مافەکانی ھاووڵاتییانیەتی، تاکو سام‏‏ و شکۆی حوکوومەت ڕاگیر بکرێت و، مەزنی و پایەداریی دەوڵەتیش بپارێزرێت..

کەچی لەو شتانەی کە شایستەی ئەو "دانایی" و داخوازی ئەو "دادگەری"یەن، بەشێکی یەکجار کەم نەبێ، چیی‏تر دەرناکەوێت لێرەدا جێ‌بەجێ بکرێت، ئەوەتا بێ‌ئاگایانی چەشنی تۆ بێرەدا گوزەر دەکەن و ئەم وڵاتە بەجێ‌دەھێڵن، بێ ئەوەی زۆربەیان سزای ڕەفتارە چەواشەکانیان بچێژن!

کەواتە یەک‏لایی‏کردنەوەی ئەم چەشنە کێشانە، بۆ دادگایەکی گەلێ مەزن‏تر دواخراوە.

وێنەی چوارەم:

سەیری ئەو گەوھەرە بێ‌وێنە و نایابانە بکە کە لەم پیشانگایانەدا پێش‏چاو خراون..

بۆ ئەو خواردەمەنی‏یە خۆش و بەتام و ناوازانە بڕوانە کە ئەم ھەموو سفرە و خوانانەیان پێ‌ ڕازێنراوەتەوە!

ئەمانە،‏ دەری‏‏دەخەن کە: پادشای ئەم وڵاتە دارای "سەخاوەت"ێکی بێ‌سنوور و.. "گەنجینە"یەکی پڕاوپڕی بێ‌کۆتایی و نەبڕاوەیە.

دەنگ نییە