وتەکان | وتەی دەھەم | 92
(84-154)

خۆ ئەم چەشنە سەخاوەتمەندی‏یە بەردەوام و گەنجینە نەبڕاوانەش =‏‏‏‏ بێ ھیچ گومانێک = داخوازی بوونی: میوانخانەیەکی نەمر و ھەمیشەیی ئەوتۆن کە ھەرچی حەز و خواست و ئارەزووی دەروونی مرۆڤە، لەسەر سفرە و خوانەکانی ئەوێ‌دا ئامادە کرابن و بۆ مرۆڤ دانرابن..

ھەروەھا داخوازی ئەوەشن کە: ھەموو ئەو میوانانەی نیعمەتی پادشایان پێ‌ دەبەخشرێت‏و تامی نیعمەت و بەخششەکانی ئەو دەچێژن، ئەوانیش = بە ھەمان شێوە = ھەمیشەیی و ھەتاھەتایی بن و ئازاری جودایی و لێک‏بڕانیان دەرخوارد نەدرێت، چونکە ھەروەک "نەمانی ئازار" لە خۆی‏دا تام و لەزەتێکی سەربەخۆیە، "نەمانی تام و لەزەت و چێژە خۆشەکان"یش = بە ھەمان پێوەر = ئازارێکی یەکجار بەسۆ دەرخواردی ناخی مرۆڤ دەدات!

ئنجا سەیری ئەم پیشانگایانە بکە و.. سەرنج لەو بڵاوکراوە و ڕاگەیاندنانە بدە و.. گوێ لەو "بانگەوازکارانە" ڕابگرە کە لە بارەی لایەنە سەرسووڕھێنەرەکانی دروست‏کراوانی پادشای خاوەن موعجیزاتەوە دەدوێن و وەسفی یەک بە یەکیان پێش‏چاو دەخەن و "کەماڵ‌"ی پادشا و "جوانی"یە مەعنەوی‏یە بێ‌وێنە و ناوازەکەی ئاشکرا دەکەن و، سەرگەرمی باس و لێدوانی لایەنە ورد و ناسک و ڕەنگینەکانی جوانیی پەنھانی ئەون.

کەواتە ئەم پادشایە دارای "کەماڵ‌"ێکی ڕوون و "جوانی"یەکی گەشی مەعنەویی ئەوتۆیە کە ھەستی سەرسووڕمان لای سەرنجدەرانیان بورووژێنن!

دەنگ نییە