وتەکان | وتەی دەھەم | 95
(84-154)

فەرموو گوێ لە وتەکانی ئەو نوێنەرە خۆشەویستەی پادشای مەزن ڕابگرە، ئەوەتا بە ئەدەبێکی گەلێ زۆر و لاڵانەوەیەکی یەکجار بەکوڵەوە دەپاڕێتەوە و دەڵێت:

= (ئەی پادشای ئێمە! ئەی ئەو کەسەی نیعمەتە ڕواڵەتی و پەنھانەکانی خۆی بەسەردا پەخشاندووین! ئێمە لە پایەی مەزنی و شکۆداریی پادشاییت داواکارین کە: ھەروەک ئەو نموونە و سێبەرانەت لەم پیشانگایەدا پێش‏چاو خستین، سەرچاوە و بناغەکانیشیانمان لە شوێنی خۆیان‏دا پیشان بدەیت.. بمان‏بە بۆ بارەگا و مەڵبەندی پادشایی خۆت و لەم دەشتایی‏یە وشک و برنگەدا لەناومان مەبە.. لە دیوان و مەڵبەندی حوزووری خۆت‏دا وەرمان‏بگرە و بەزەییت پێمان‏دا بێتەوە.. لەوێ ئەو تام و لەزەتانەمان دەرخوارد بدە کە لێرەدا تامی نموونەکانیانت پێ‌چەشتین.. بە ئازاری: دەرکراوی و دووری لە خۆتەوە، سزامان مەدە.. ئەوەتا ھەموو ئەوانە گەل و ھاووڵاتییانی تاسەمەند و سوپاسگوزار و گوێ‌ڕایەڵی تۆن، دەسا بێ‌خاوەن و سەرگەردانیان مەکە و، بە مردنێک کە گەڕانەوە و زیندووبوونەوەی لە دوا نەبێت، مەیان‏فەوتێنە).

ئایا گوێت لێ بوو = ئەی ھاوڕێ‌کەم! = ئەو نوێنەرەی پادشا بە ناوی ئەو حەشاماتەوە چیی وت و چ داواکاری‏یەکی پێشکەشی پادشا کرد؟

باشە ئایا دەگونجێ پادشایەک ئەم ھەموو "توانا" لەڕادەبەدەر و "میھرەبانی"یە ھەمەلایەنگیرەی ھەبێت، داخوازی‏یەکانی ئەو نوێنەرە بەڕێزەی خۆی نەبەخشێت و، بە ھانای مەزنترین و بەرزترین ئامانج و مەبەستەکانیەوە نەڕوات و نەیھێنێتەدی؟ لە کاتێک‏دا کە = ھەر ئەم پادشایە = بەوپەڕی بایەخ‏پێدانەوە نزمترین ئارەزووی بچووکترین کەسی ناو وڵاتەکەی جێ‌بەجێ دەکات؟ لەگەڵ ئەوەش‏دا ئەنجامدانی داواکاری‏یەکانی ئەو نوێنەرە بەڕێزەی، گشت ئاوات و ئامانجەکانی ھەموانی پێ دێنەدی و، ئنجا "دادگەری" و "میھرەبانی" و "ڕەزامەندی"ی خۆیشی داخوازی ھێنانەدیی ئەو داواکارییانەن.. پاشان ئەو داخوازییانە بۆ توانستی پادشا گەلێ ئاسانن و ھەرگیز لەو نموونانە قورس و گرانتر نین کە لە باخچە و پیشانگاکانی ئەم وڵاتەدا پێش‏چاوی خستوون؟

دەنگ نییە